دامەزراوەی تۆنی بلێر بۆ ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و سەرۆک کۆماری نوێی ئێران پلانیان بۆ جێنشینیی خامنەیی و درێژەی دەسەڵاتی ئایینی داڕشتووە.
ئەم دامەزراوەیە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە ژێر ناوی سپای پاسداران لە دەورانی سەرۆککۆماریی ئێبراهیم ڕەئیسیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عەلی خامنەیی هەموو هەوڵەکانی ئەوەیە پاش مردنی ڕێژیمە توندڕەو و ئایینییەکەی بمێنێتەوە، هەربۆیە ئیبراهیم ڕەئیسی کردە سەرۆککۆمار و سپای پاسدارانیشی بەهێزتر کردووە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەموو سەرچاوە داهاتەکانی ئێرانیان خستووەتە ژێر ڕکیفی خۆیانەوە و ئابووری ڕێژیمی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی سپادایە.
دامەزراوەی تۆنی بلێر، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەندامانی سپای پاسدران جومگە سەرەکییەکانی حکوومەت و شوێنە هەستیارەکانیان بە دەستەوەیە و خامنەیی دەیهەوێت لە دەورانی سەرۆککۆماریی” ڕەئیسی”دا زیاتر پەرە بەهێزەکەی بدا و بە تەواوەتی ئێران بخاتە ژێر ڕەکیفی سپای پاسدارانەوە و بەمجۆرە پاش مردنی خامنەیی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ئایینی لە ئێران درێژەی دەبێ.