وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: سەعید ئاقاجانی، بڕیاردەری ئەو هێرشە بۆ سەر کەشتییەکەمان بووە.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە حەوتووی ڕابردوو هێرشێک بە دڕۆن کرایە سەر نەوتهەڵگرێکی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەممان، ڕووبە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: سەعید ئاقاجانی، بەرپرسی یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بڕیاردەری هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل لە ئاوە نێونەتەوەییەکان بووە و دەبێ سزا بدرێ.
بێنی گانتس، لە درێژەدا سەرەڕای ئاماژە بە وەیکە ئەو هێرشەی سپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆ سەر کەشتیی ” مێرسێر ئێستریت” پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە وتی: دەبێ کۆمەڵگەی جیهانیی هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا خێراتر بکاتەوە.
ناوبراو هەروەها لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، هوشداری بە کۆمەڵگەی جیهانیی دا و ڕایگەیاند کە ئێران تەنیا ١٠حەوتووی دەوێ تا دەستی ڕابگا بە ماددەی ناوکیی کە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی کەڵکی لێوەردەگیردرێ.