بەرپرسانی ڕێژیم لە بواری ئابوورییەوە ئاماری جیاواز بڵاو دەکەنەوە و یەکتر بە درۆ دەخەنەوە.
لە کاتێکدا کە وەزیری ئابووریی کۆماری ئیسلامی پێشتر لە ١٧ی جۆزەردان، بە متمانەوە وتبووی کە دەوڵەت ساڵی ڕابردوو تەنانەت یەک ڕیاڵیشی لە بانکی ناوەندیی قەرز نەکردووە، بەڵام بانکی ناوەندیی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژ بە دەرکردنی ڕاپۆرتێک ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ٢٤ لەسەدی قەرزی دەوڵەت بە بانکی ناوەندیی دا و هەروەها لەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵاوسانی مانگی جۆزەردان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٧٠ لەسەد بەرزبووەتەوە.
بە پێی ئامارەکان، دەوڵەت ئێستا هەر تەنیا بە بانکی ناوەندیی ١٦٥ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە و کۆی گشتی قەرزەکانی دەوڵەت بە هەموو بانکەکانی ئێران لە ٥٨٧ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕیوە.
شایانی باسە کە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی، لە سێ ساڵی ڕابردوودا یەک لە سێی بووجەی وڵاتی لە ڕێگەی قەرز لە بانکی ناوەندیی ئێران دابین کردووە.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەم ڕاپۆرتەدا، بانکی ناوەندیی کۆی گشتی قەرزەکانی ڕێژیمی بە هەموو وڵاتانی جیهان بە زیاتر لە ٨میلیارد و ٧٧٤میلیون دۆلار بەراورد کردووە کە بۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند وەکوو ئێران جێگای سەرسووڕمان و بێهیواییە و ئەو دۆخە لە گەندەڵی و نەبوونی دڵسۆزی و ناکارامەیی و هەبوونی کەسانی نەشیاو لەسەر ئاستی دامودەزگا حکومییەکانی ڕێژیمەوە سەرچاوە دەگرێ.