لە نێوان ١٠ پارێزگای ئێران کە زۆرترین ڕێژەی بێکارییان هەیە، ٦ پارێزگای سنووری پێشەنگن و لەو ناوەشدا پارێزگای سنە پلەی یەکەمی تۆمار کردووە و ئەو پارێزگایەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەی بێکاری ٢٠ لە سەدی، خرابترین بارودۆخی بێکاری لە کۆی گشتی ئێراندا هەیە.
بەپێی ئامارە نوێیەکانی دامەزراوە ئابوورییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پارێزگای سنە لە بواری ڕێژەی بێکاریدا، هەمووکات لەنێو لیستی ٥ پارێزگای یەکەمی ئێراندا بووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ئەم پارێزگا ساڵانە باس لە پەردەلادان لە دەیان گەڵاڵەی ئابووری و چاکسازی لەو پارێزگایەدا دەکەن.
بەڵێنە پووچەڵەکانی بەرپرسانی پارێزگا لە لایەک و درۆکانی بەرپرسانی ڕێژیمیش لە لایەکی دیکەوە، کارێکی کردووە خەڵک بەم وادە و بەڵێنانە بێهیوا ببن و بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ژیانی خۆیان، ڕوو لە کاری پڕ مەترسیدار وەکوو کۆڵبەری بکەن.
شایانی باسە کە ناوچە کوردستانییەکان، سەرچاوەی کانزا و ئاو و خاکی بەپیت و زۆر سەرچاوەی سروشتی دیکەن، کە بە سەرمایەگوزاری لەم بەشانەدا دەکرێ نەک تەنیا کێشەی بێکاری لاوانی کورد چارەسەر بکرێت بەڵکوو دەکرێ دەرفەتی کار بۆ سەدان هەزار کەسی دیکە لە ئێرانیش ساز بکرێت.