پاش هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل بە ئاڵای وڵاتی لیبریاوە لە دەریای عەممان، وڵاتانی بریتانیا، ڕۆمانی و لیبریا لە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایەک بە دژی ڕێژیمی ئێران تۆمار دەکەن .
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، وڵاتانی بریتانیا، ڕۆمانی و لیبریا، لە سکاڵایەکی هاوبەشدا ڕوو بە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژە بە هێرشی دڕۆنی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل، کە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتیی بریتانیایی و ڕۆمانیایی، ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشەی رێژیمی ئێران خەسارێکی گەورەی بە ئاسایشی گەیاندن و گواستنەوەی نێونەتەوەیی دەریایی گەیاندووە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکانە و دەبێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەم کردەوەی رێژیمی ئێرانە بەتوندی مەحکووم بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە خەریکی ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمانین کە بە کۆدەنگی وڵامێکی گونجاوی ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئێرانە بدەینەوە.