“مەسعوود دانشمەند” ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی ڕەئیسی سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم، بە ناوبردن لە ئابووریی ئێران بە “ئابووریی وێنێزۆئێلایی” وتی: “بۆچوونی من ئەوەیە کە بە درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە، ڕەنگە لە کۆتایی ساڵدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ٢٠ لە سەدی هەڵاوسان لە ئێراندا ڕووبەڕوو بین. ساڵی ڕابردوو ڕادەی هەڵاوسان لە ئێران٤٠ لە سەد بووە و تا کۆتایی ئەمساڵ ئەگەری ئەوە هەیە پاڵ بدات بە لە سەدا ٦٠ کە ڕێژەیەکی زۆر مەترسیدارە.”
دانشمەند لە درێژەی وتەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە: “ئەگەر ئابووری ئێران ئەم ڕەوتە درێژە پێبدات، بارودۆخی وڵات وەکوو وێنێزۆئێلای لێدێت. ئابووری وێنێزۆئێلا ئابوورییەکی بە تەواوی داڕماوە و ئەگەر ئێمە نەتوانین پێش بە کێشەکانمان لەم بەشەدا بگرین، هەر ئەو ڕێگای وێنێزۆئێلا دەگرینە بەر و دابەزینی بەها و بایەخی پارەی نەتەوەیی، هەڵاوسان، گرانی و بێکاری زۆر زیاتر لە ئێستا دەبێت.