تێرۆریستی پاسدار ” ئیسماعیل ئەحمەدی موقەددەم” فەرماندەی پێشووی هێزی ئینتزامی ئێران، بەربژێری خۆی بۆ شارەوانیی تاران ڕاگەیاند.
“مەهدی ئێقراریان” وتەبێژی هەڵبژێراوانی شەشەمین خولی شووڕای شاری تاران، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژ، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەحمەدی موقەددەم بەرنامەی خۆی بۆ بەرپرسایەتی شارەوانیی تاران داوەتە شوورای نوێی ئەم شارە.
بە وتەی ناوبراو ئەحمەدی موقەددەم بە درووشمی ” تاران و شارەوانیی تاران ١٤١٤”، بووە بە بەربژێر بۆ ئەم بەرپرسایەتییە.
جێی ئاماژەیە کە پێدانی بەرپرسایەتیی شارەوانیی تاران لەلایەن کەسێکی نیزامیی، نوێ نییە و پێشتریش پاسداری تێرۆریست “محەممەدباقر قاڵیباف” کە فەرماندەی پۆلیس بوو ئەم بەرپرسایەتییەی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ قۆرخ کردبوو.
شایانی باسە کە پاسدار ئەحمەدی موقەددەم، لە سەرکوتە خوێناوییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ وەکوو بەرپرسی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، دەستێکی باڵای بووە و لەم ناڕەزایەتییانەدا کە بە بزووتنەوەی سەوز ناسرا، سەیان کەس کوژران و بە هەزاران کەس بریندار و ڕەوانەی زیندانەکانی ڕێژیم وەکوو کەهریزەک کران کە لەژێر چاودێری هێزی ئینتزامیدا بوو.
هەندێک لەم زیندانییانە لەلایەن مەئموورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەحمەدی موقەددەمەوە تووشی ئەتک و بێڕێزییەکی زۆر کران و هەروەها ناوی ناوبراو لەگەڵ پەروەندەی گەندەڵی لە بونیادی تەعاونی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمەوە لە ساڵی ١٣٩٣ گرێی خواردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی دزی لەم بەشەدا هەبووە.