لە دڕێژەی دەسبەسەرکردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە، ٦ هاووڵاتیی دیکە لە ناوچەی شنۆ دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی لاوانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمەوە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو ناوچەیە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
ناسنامەی ئەو شەش کەسە بریتین لە: “فەرهاد مەعرووفی، ڕەحمان ئەسەدی و عوبەید ئەنوەری” خەڵکی ئاوایی “ئاڵیاوێ” و “حەسەن شادیخا” خەڵکی ئاوایی سینگان، “ڕێبوار چارکداری” خەڵکی شنۆ و “جەلال قادرزاده”، خەڵکی شارۆچکەی “نەڵۆس”، کە هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو کەسانە و پاش دەسبەسەرکردنیان، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.