هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی سەردەشت و بانە تەقەی ڕاستەخۆ لە کۆڵبەران دەکەن و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر برینداردەبن.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەرزاییە سنوورییەکانی ناوچەی” بێتووش” لە شاری سەردەشت ڕاستەوخۆ تەقە لە کاروانێکی کۆڵبەر دەکەن و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی” هەژار ساڵحی و عەلی ساڵحی” خەڵکی گوندی شێخەسوور بەتوندی بریندار دەبن.
ئەو دوو کۆڵبەرە لەلایەن دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەریی پزیشکیی، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری قەڵادەزێ.
لە لایەکی دیکەوە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، شەوی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ ، لە بەرزاییە سنوورییەکانی کەندەسووری ناوچەی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ پۆلێک کۆڵبەر دەدەنە بەر دەسرێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی” ناسر خورشیدی ” بریندار دەبێ.