ڕۆژنامەی واشینگتۆن تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی ئەمریکا دەڵێن: پشتیوانی نەکردنی دەوڵەتی بایدێن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بە نیشانەی لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژووییە.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن تایمز، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەوڵەتی بایدێن بەجێگای ئەوەی کە هەموو تەرکیزی ئەو وڵاتەی خستووەتە سەر ڕێککەوتنی ناوکیی، دەبێ تەرکیز بخاتە سەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی بکا و نابێ ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ داکۆکی لە دێموکراسی و ئازادیی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەست بدا.
بەوتەی ئەم ڕۆژنامەیە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدێن لە کاتێکدا هەوڵ بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی دەدەن، زۆر بە ئاشکرایی لەبەر ئەوەیکە ڕووبەڕووی بەرپرسانی ئێران نەبنەوە، لەهەمبەر شەپۆلی بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.