هەواڵدەریی ڕۆیتێرز دەڵێ: چەند کەسێکی چەکدار بە پاڵپشتی و پشتیوانی ڕێژیمی ئێران، چوونەتە نێو کەشتیی “ئاسفێڵت پرەنسێس” لە کەنداوی عەممان و دوای بە بارمتەگرتنی کارمەندانی کەشتییەکە، ئەو کەشتییەیان ڕفاندووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە زانیارییە دەریاییەکان و هەروەها ڕاگەیاندنەکانی بریتانیا، ڕۆژی سێشەممە١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، نەوتهەڵگری”گوڵدن بریلیانت” هەڵگری ئاڵای سەنگاپوور و کەشتییەکی دیکە بەناوی” ئاسفێڵت پرەنسێس” لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئاوە نێونەتەوەییەکان نزیک لە بەندەری “ئەلفەجیرە”ی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی، ڕفێندراون و لە کەنداوی عەممان بەڕەو شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لەم پێوەندییەدا لە زاری سەرچاوە ئەمنییەتییە دەریاییەکانەوە ڕایگەیاند کە کەشتی” گوڵدن بریلیانت” لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران پاش بە بارمتەگرتنی کارمەندەکانی لە کەنداوی عەممان بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئاسۆشێیتد پرێس ڕایگەیاند کە پاش بە بارمتەگرتنی کەشتیی”گوڵدن بریلیانت” سێ کەشتیی دیکە، شوێنهەڵگرەکانیان کوژاوەتەوە و لەژێر چاوەدێری دامەزراوەی ئەمنییەتی کەشتیڕانی نێونەتەوەیی چوونەتە دەرەوە.