وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، سەرەڕای ئاماژە بە ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر ئاسایشی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا وتی: ئێمە ئامادەین بۆ گەرەنتی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا، هاوکاریی لەگەڵ ئەمریکا بکەین.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی تێرۆریستە و پشتیوانی لە تێڕۆریزم لە جیهاندا دەکا و بەردەوام هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بە تایبەتیی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا، وتی: عەرەبستان ئامادەیە بۆ گەرەنتی ئاسایشی کەشتیڕانی لە ئاوەکاندا هاوکاریی لەگەڵ ئەمریکا بکا و ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران کە خاڵی هاوبەشی نێوان عەرەبستان و ئەمریکایە، ببێتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڕێژیمی ئێران بە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی کەشتیڕانی ناوچەکە و بە گشتی کەشتیڕانی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا و دەبێ زۆر بە خێرایی پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە بگیردرێ.