نەفتالی بێنێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل وتی: تۆڵەیەکی قورس لە ڕێژیمی ئێران دەکەینە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە سەردان و چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە سنوورەکانی باکووری ئەو وڵاتە و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بە دەستدرێژی و هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل وتی: بۆ وەرگرتن و بەرگریکردن لە مافەکانمان تەنیا قسە ناکەین، بەڵکوو ئامادەین وڵامێکی توندی سەربازیی بەدژی سەرەڕۆیی و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بدەینەوە.
ئەم هەڕەشانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێک دایە کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە و وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە کە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی، ڕاستەوخۆ و بە تەنیا هەرجۆرێک کە دیهەوێت، وڵامی ئێران بداتەوە.
نەفتاڵی بێنێت لە درێژەدا وتی: ڕێژیمی ئێران ئەو ڕاستییە زۆر بە باشی دەزانێ، کە ئەگەر دەستدرێژی بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، دەبێ باجێکی قورس بدا و ئێمە بە خێراترین کات وڵامێکی توند و قورسی ئەو ڕێژیمە دەدەینەوە.