ڕۆژنامەی “دەوڵەت” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکان، تەختی بەتاڵ دەستناکەوێ و زۆربەی قەبرستانەکانی پارێزگاکانی ئێران پڕ بوونەتەوە و خەریکی سازکردنی گۆڕی بەکۆمەڵن لە زۆربەی پارێزگاکان.
عاتفە عابدینی، بەرپرسی کۆمیتەی زانستیی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” دەوڵەت” وتی: بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنای نوێوە و تووشبوونی هاووڵاتییان بەو پەتایە، نەخۆشخانەکانی ئیران هەموو پڕ بوون لە تووشبووانی پەتای کۆرۆنا و لە ئێستادا تەختی بەتاڵ لە نەخۆشخانەکان نییە و هەروەها بەهۆی مردنی زۆری هاووڵاتییانەوە، قەبرستانەکان بە تەواوەتی پڕ بوونەتەوە و بەرپرسانی قەبرستانەکان خەریکی سازکردنی گۆڕی بەکۆمەڵن لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا پەیام تەبرێسی، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکانی نەخۆشخانەی مەسیح دانشوەری، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا وتی: ئاماری تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لەم ماوەیەدا بێ وێنەیە و نەخۆشخانەکانمان تووشی کەمی پێداویستییەکانی دەرمانی تووشبووانی ئەو پەتایە بووە و لە ئێستادا بارودۆخی نەخۆشخانەکان زۆر سەخت و دژوارە و ئامارەکانی مردن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە هەڵکشاندایە.