لاویکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “کارۆ غەفووری” لە کاتی سەربازییدا بەهۆی بەرگری لە ناسنامە نەتەوەییەکەی لەلایەن گروبانێکەوە بەئانقەست کوژرا.
ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، کارۆ غەفووری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان بە شێوەی گوماناوی لە بنکەی سەر سنووری “بلە سوور”ی ناوچەی “خۆی” لە پارێزگای ورمێ گیانی لەدەست دا و بە گوێرەی زانیارییەکان، کوژرانی “کارۆ غەفووری” بەهۆی بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر گوروبانێکدا ڕووی داوە.
لەو پێوەندییەدا، هەژار عەلیزادە” چالاکی سیاسیی دانیشتووی باشووری کوردستان و برای “کارۆ غەفووری” لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دوای ئەوەی گوروبانێک هەست بە ترس لە بوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا دەکا، دەست دەکا بە سووکایەتی بە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و حیزبە کوردییەکان. ئەم سووکایەتییەی گوروبانەکە کاردانەوەی “کارۆ غەفووری” کە لەوێ سەرباز بووە، لێدەکەوێتەوە و بەرهەڵستی دەبێتەوە.
ئەم دەمەقاڵەیە چەند رۆژ درێژەی دەبێ و دواتر دەبێتە کێشەی نێوانیان و ئەو گوروبانە کە بە رەچەڵەک تورکە، تەقەی لێ دەکا و کارۆ غەفووری دەکوژێ.
پزیشکیی قانوونیش بە بنەماڵەی “کارۆ غەفووری”یان ڕایگەیاندووە، تا دوای بە خاک سپاردنی کردنی تەرمی کوڕەکەیان، هۆکاری مردنەکەی ڕاناگەیێنین.