وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، ڕەخنەی لە بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر هەناردنی نوێنەر بۆ ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران گرتووە و دەڵێ: بەشداری لەو ڕێوڕەسمە، ڕێزگرتنە لە بکوژێک.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بڕیارەکەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ئیبراهیم ڕەئیسی ناسراو بە قەسابی تاران و یەکێک لە بڕیاردەران و بکوژانی بەندکراونی سیاسی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ئێران دایە کە ئەندامی هەیئەتی مەرگ بووە و بە بڕیاری ناوبراو بەهەزاران کەس کە بیری جیاوازیان هەبووە، لە سێدارە دراون و کوژراون.
لە درێژەی پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە کە بەشداریکردن لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی پیاوکوژێک وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی و کەسێک کە وەکوو پێشێلکارێکی سەرەکیی مافی مرۆڤ ناسراوە، ڕێزگرتنە لە جینایەتەکانی ئەو کەسە.