هەڵاوسانی ئابووری و هەڵکشانی بێوێنەی نرخەکان لە ئێران لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، خەڵکی ئێرانی بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان تووشی کێشە کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە ئێراندا زۆر بە خێرایی لە هەڵکشان دایە، بە جۆرێک کە لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی مریشک، شەکر، گۆشتی سوور و برینج بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا لە سەتا ١٠٥، ٨٨، ٥١ و ٩٠ لە هەڵکشاندا بووە.
هەروەها لە زۆربەی شارەکانی ئیران نرخی نان لە سەتا ٩٠ بەرز بووەتەوە کە ئەمەش دابینکردنی سەرەکیترین پێویستیی سەر سفرەی بنەماڵەکانی لە ئێراندا تووشی کێشە کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە بە هەڵکشانی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ڕۆژ بە ڕۆژ توانای کرینی شتومەک لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە کەمتر دەبێتەوە و بەم هۆیەوە تەندروستیی خەڵکی هەژار و کەمداهاتی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.