دوابەدوای دەرکردنی بنەماڵەیەکی کورد لە ئانکارا، گرتە ڤیدیۆیەک لە سەدان کەسی ڕەگەزپەرەستی تورک بڵاو کراوەتەوە کە پەلاماری بنەماڵەیەکی کوردی دانیشتووی ئانتالیایان داوە و برینداریان کردوون.
بە گوێرەی هەواڵدەرییەکانی تورکیە، حەوتووی ڕابردوو لە ئانکارا کۆمەڵێک تورکی ڕەگەزپەرەست لە گەڕەکێکی ئەو شارە هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەیەکی کورد و ناچاریان کردوون خانووەکەیان بەجێ بهێڵن.
ناوەندەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیە ڕایانگەیاندووە کە هێرشی ڕەگەزپەرستانی تورک دژی کوردەکان بۆتە دیاردە لەو وڵاتە و ئەوەش جێی نیگەرانییە.
لە تازەترین ڕووداوی لەو شێوەیەشدا، گرتە ڤیدیۆی گرووپێکی ڕەگەزپەرەست لە ئانتالیا بڵاو کراوەتەوە کە پەلاماری بنەماڵەیەکی کورد دەدەن و پێیان دەڵێن کە ئێرە خاکی تورکە و شوێنی ئەوان نیە.
بەپیی زانیارییەکان ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ناوچەی ئەلماڵری سەر بە پارێزگای ئانتالیا، بنەماڵەیەکی كورد كە خەڵكی مێردینی باكووری كوردستانن و بۆ كاری كشتوكاڵیی چوونەتە ئانتالیا، لەلایەن ٣٠٠ کەسی ڕەگەزپەرەستەوە هێرشیان كرایە سەر.
جێی ئاماژەیە کە ئەم ڕووداوانە لە کاتێک دایە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، بنەماڵەیەکی حەوت كەسیی کورد بە شێوەیەكی نامرۆییانە لە شاری قوونیە لەلایەن کەسانی ڕەگەزپەرەستەوە كۆمەڵكوژ كران و تا ئێستا بكوژانی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە نەگیراون و سزا نەدراون.