عەلی ڕەبیعی لە ئاخرین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەوڵەتی ڕووحانیدا بە ئاماژە بە ٨ساڵ سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانی وتی: ئەو ڕێگایەی کە ئێمە هەنگاومان بۆی هەڵهێناوەتەوە لەو ماوەیەدا هەڵە نەبووە.
عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی، ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاخرین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی دەوڵەتی ڕووحانیدا، سەرەڕای ئاماژە بە گەمارۆ قورسەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران وتی: ئەویکە کەلوپەل و پێداویستیەکانی ژیان نرخیان بەرز بوەتەوە و بەهای پارەی ئێران لە چاو وڵاتانی دەورووبەر دابەزیوە، کێشەی حکوومەت نەبووە و ئاکامی گەمارۆ بێ وێنە و توقێنەرەکانی ئەمریکا بووە و من پێم وایە ئێمە لەم ڕێگایەدا هەنگاوی هەڵەمان هەڵنەهێناوەتەوە.
ڕەبیعی لە درێژەدا وتی: دەوڵەتی یازدەهەم و دوازدەهەم بە شێوەیەکی نەخوازراو لەگەڵ سۆنامیی زێدەخوازییەکانی هێندێک توندڕەو ڕووبەڕوو بووەتەوە کە نەتەنیا ئێران بەڵکوو هەموو جیهانی تووشی کێشە کردووە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ڕەخنەگرتن لە دەنگوڕەنگی ئێران وتی: تەلەڤیزیۆن و بەرپرسانی دەنگوڕەنگ ئێستاش لە سەر ئەو باوەڕن کە هیچ گەمارۆیەک لەسەر ئێران نییە و چەواشەی ڕاستییەکان دەکەن و لەو بەرنامە ئابوورییانەی کە بەرهەمی دێنن هیچ دەنگدانەوەیەکی گەمارۆکانی پێوە دیار نییە و تەنیا ڕەخنە لە دەوڵەتی یازدەهەم و دووازدەهەم دەگرن.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەخنەگران، دەوڵەتی ڕووحانی بە ناکارامە لە سەقامگیری بازاڕ، گەندەڵی، گەمارۆ، سەرکوت و کوشتنی بەربڵاوی خەڵکی ناڕازیی لە خەزەڵوری ٩٨ی هەتاوی و هەروەها سنووردارکردنی ئینتێرنێت تۆمەتبار دەکەن.