کاردانەوە جیهانییەکان لەهەمبەر هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێسرائیل لە دەریای عەرەب ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێ و ئەمریکا دەڵێ: ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان وڵامێکی گونجاو و بە کۆدەنگیی دەدەینەوە بە ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، وتی: لە پێوەندییەکی چڕ داین لەگەڵ هاوتاکانمان لە وڵاتانی بریتانیا، ئیسرائیل و ڕۆمانیا و هەموو وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و دەمانهەوێت وڵامێکی گونجاو و بە کۆدەنگی بە ئێران بدەینەوە.
بلینکێن لە دڕێژەدا ڕایگەیاند کە ئەم کارەی ئێران هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بە دژی ئازادیی کەشتیڕانی و بازرگانی نێونەتەوەیی و دەبێ بە هەموو هێزمانەوە وڵامی رێژیمی ئێران بدەینەوە.
لەلایەکی دیکەوە بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا هێرشی کردوەتە سەر ٥ کەشتیی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا وتی: دەبێ هەر ئیستا بەدژی ئێران هەڵوێست بگرین وبڕیار بدەین.