بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانیی لە واشینگتۆن، ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران لەوە نیگەرانە کە ڕەنگە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەمای دەسکەوتی زۆرتر لە دانوستانەکاندا بێت و مەرج و داواکاریی نەگونجاو بێنێتە سەر میزی وتووێژ.
مالی پێیوایە کە ئەم بیرۆکە دەتوانێت کارێکی وا بکا کە ئێران بیەوێ درەنگتر لە کاتی دیاریکراو بگەڕێتەوە بۆ وتووێژ و لە ئاکامدا ئەمریکا ناچار ببێ، ڕێگاچارەیەکی دیکە بۆ ئەم کێشە بدۆزێتەوە.
پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لەوە کردبوو کە ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەتی ڕەئیسی خوازیاری بەکارهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتووتر و پیتاندنی ٦٠ لە سەدی ئۆرانیۆم بێ. ڕێژیمی ئێران هەروەها لە هەوڵی ئەوە دایە کە بەڵێنێک لە دەوڵەتی بایدێن وەربگرێت بۆ ئەوەی کە دەوڵەتەکانی داهاتووی ئامریکا زۆر بە ئاسانی نەتوانن لە ڕێکەوتنی بەرجام بێنە دەرەوە.
بەپیی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ئێستاش ڕێژیمی ئیران ڕوونی نەکردووەتەوە کە دەیهەوێ بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکانی بەرجام یان نا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خامنەیی دووپاتی کردووەتەوە کە نابێ دەوڵەتی نوێی ئێران باوەڕ بە بەڵێنەکانی ئەمریکا و ئورووپا بکات.
شایانی باسە کە ڕەئیسی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وتبووی کە لایەنگری درێژەدان بە وتووێژەکانی بەرجامە بەڵام هاوکات وتوویەتی دەبێ پێداچوونەوە بەم ڕێککەوتنەدا بکرێتەوە.