لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەركردنی سەرەڕۆییانەكانی ئەم دواییانە لە كوردستان، سێ شارۆمەندی دیكەی خەڵكی مەهاباد دەسبەسەر كران و ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە شەش کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان)، شەوی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ، سێ هاووڵاتی دیكەی خەڵکی مەهاباد بە دەست هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر كران و ژمارەی گیراوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی مەهاباد گەیشتووەتە شەش کەس.
ئەم سێ هاووڵاتییە بە ناوەكانی، ”سامان دوورباش”، ”ئاكۆ دوورباش” (ئامۆزا) و ”كاوە سولەیمان پوور” خەڵكی گوندی ”خوڕخوڕە” سەر بە شاری مەهابادن.
جێی ئاماژەیە كە ڕۆژی یەكشەممە ١٠ی گەلاوێژیش، سێ کەسی دیكە بە ناوەكانی ”هێمن قەرەداغی”، ”ڕزگار عەینالوو” و ”ئەحەد سوونێ” دانیشتووی گوندی ”ئیندرقاش” سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە دەسبەسەر كران.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتی لە ناوچەی بۆکانیش، لەلایەن دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا لەسەر چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.