لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ڕۆژی ڕابردوو ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدرەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەڵاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران، وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە بۆ بیستەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم فەرمانداریی شاری شووش، ماڵدزراوانی دامەزراوەی ماڵیی کاسپییەن لە بەردەم دەستەی دەستپاکی لە تاران، زەرەر لێکەوتوانی ئاڵوگۆڕی دراوی ” کریپتولەند” لە بەردەم بینای دادگووستەری تاران، کرێکارانی پاڵاوگەی نەوتی ئیسفەهان لە حەوشەی پاڵاوگەکە، پزیشک و خۆیندکارانی زانکۆی پزیشکی شارەکانی تاران، شیراز، کرمان، مەشهەد، کرماشان، یاسووج و هەمەدان لە بەردەم زانکۆی پزیشکی شارەکانیان، خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵا لە شارەکانی ئیسفەهان، خووزستان و تاران لە بەردەم بینای ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی فەلات قاڕە لە ناوچەی سیری لە شوێنی کارەکانیان و کرێکارانی پڕۆژەی نەوتی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری لە شوێنی کارەکانیان بەڕێوە چوو.
هاوکات کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری مەشهەد بە نیشانەی پشتیوانیی لەخۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەتوندی ڕووبەڕووی خەڵکی خۆپیشاندەر بوونەوە و لە ئاکامدا کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری مەشهەد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکران.