حەسەن ڕووحانی لە ئاخرین دانیشتن و کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی: لە کاتی سەرۆککۆماریی مندا، لەبەر ئەوەیکە نەماندەتوانی هەموو ڕاستییەکان بڵێین، زۆربەی ڕاستییەکانمان لە خەڵکی ئێران شاردوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیرنا” حەسەن ڕووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ئاخرین دانیشتنی کابینەکەیدا” یەکیەتیی نەتەوەیی” کردە بیانووی شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک و وتی: بەهۆی پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەیی لە ئێراندا ناچار بووین لەگەڵ خەڵک درۆ بکەین و ڕاستییەکانیان لێ بشارینەوە و نەتوانین کێشەکانیان چارەسەر بکەین.
جێگای ئاماژەیە کە لە دەورانی سەرۆککۆماری ڕووحانیدا، سەرەڕای کێشە ئابوورییەکان، ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵک لەهەمبەر ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم بووەتەوە و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لەهەمبەر، باروودۆخی خراپی ئابووری ئێران، وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان، قەیرانی ژینگە، سنووردارکردن و چاوەدێری فەزای مەجازی و ناڕەزایەتییە بێ وێنەکانی کرێکارییەکان ئەو کێشانەن کە بەهۆی ناکارامەیی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە ئێران ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ڕووحانی بە ئاماژە بە دەور و نەخشی عەلی خامنەیی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: بەپێی ئەو چوارچێوە کارییە کە ئێمە دیاریمان کردبوو دەمانتوانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز بگەین بە ڕێککەوتن و هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لا ببەین، بەڵام لە جێگایەکەوە تووشی کێشە بووین کە من ئێستا ناتوانم باسی کەس و شوێنەکە بکەم.