نەفتالی بێنێت هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیلی بە هەڵەی گەورە ناوبرد و وتی: ڕێژیمی ئێران زۆر ترسنۆکانە لەژێر قەبووڵکردنی هێرش بۆ سەر کەشتییەکەی ئیسرائیل هەڵهاتووە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی کابینەی دەوڵەتەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئازادیی کەشتیڕانی نێونەتەوەیی و ئێران بەو هێرشە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەڵگەگەلێکمان لە بەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران هێرشی دڕۆنیی کردووەتە سەر کەشتییەکەمان لە ئاوەکانی دەریای عەرەبدا و هیوادارین کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئێرانی ڕوون بکاتەوە کە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە کە بە چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکەمان و لە ئاکامی ئە هێرشەدا دوو هاووڵاتیی بریتانیایی و ڕۆمانیایی گیانیان لە دەستداوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگرەکەی ئیسرائیل کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە جیهان نیشاندا و دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی تێرۆریستە.
لەلایەکی دیکەوە یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای کردووە کە کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ وڵامێکی گونجاویان بۆ هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هەبێ.