دادگایەک لە واشینگتۆن، ئێرانییەکی دانیشتووی مۆنترێئاڵی کانادای بە تاوانی هەناردەکردنی ئامرازی پێوانەیی ئازمایشگایی کە دەتوانێ لە کاروباری ناوکییش کەڵکی لێوەربگیردرێ دەسبەسەرکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی فاکس نیوز، دادگای فیدڕاڵی ناوچەی کۆلۆمبیا دەڵێ “ڕەزا سەرهەنگپوور کۆفرانی”، دانیشتووی مونترێئاڵی کانادا، کەلوپەلی پێوانەیی ماددەی ناوکیی لە کانادا و ئێماراتەوە هەناردەی ئێران کردووە
بەپێی داخوازی دادگای واشینگتۆن ڕەزا سەرهەنگپوور کۆفرانی بە پیلانگێڕی، بە دوو جار دەوردانەوەی یاسای هەناردەکردنی ئەمریکا، ژێر پێخستنی یاسای نێونەتەوەیی ئابووری، نەدانی زانیاری ڕاستەقینە سەبارەت بە هەناردەکردن و شەش جار سپی کردنەوەی پارە تۆمەتبار کراوە.
ئەم سکاڵایە لەسەر ڕەزا سەرهەنگپوور و هاوڕێیەکی بە ناو ڕەزا میرزەمانی لەلایەن کۆمپانیای “گلۆباڵ لیمیتید’ ئاراستەی دادگا کراوە و لە سکاڵانامەکەدا هاتووە کە ناوبراوان لە ساڵی ٢٠١٥ هەوڵی کڕینی ئامرازی پێوانەیی ماددەی ناوکییان داوە کە یەکێک لە کاراییەکانی ئەم ئامرازە بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ماددەی ناوکییە لە کاتی پیتاندنی ئۆرانیۆم.
بەپێی بەڵگەنامەکان ئەم کەسە توانیویەتی ئەو ئامرازە لە ساڵی ٢٠١٦ لە کۆمپانیایەکی ئەمریکایی بە نرخی ١١١ هەزار دۆلار بکڕێت و بیباتە کانادا و پاشان لە ڕێگای ئێماراتەوە لە سێپتامبری ٢٠١٦ هەناردەی ئێرانی بکاتەوە.
فاکس نیوز دەڵێ کە تاوانی پیلانگێڕی لانیکەم ٥ ساڵ زیندانی هەیە و دەوردانەوەی یاسای هەناردە و هەروەها یاسا نێونەتەوەییەکان و سپی کردنەوەی پارە لانیکەم ٢٠ ساڵ زیندان بەسەر ناوبراودا دەسەپێنێت.