ئەحمەدی نەژاد لە نامەیەک بۆ حەسەن ڕووحانی، دەوڵەتەکەی بە لاوازترین و بێکەڵکترین دەوڵەتی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران ناوبرد کە خەسارێکی زۆری بە وڵات گەیاندووە.
ئەو لەم نامەیەدا بۆ ڕووحانی دەنووسێ: “لایەنگریی ئاشکرای دەوڵەتی جەنابت لە تاڵیبان و بانگهێشتیان بۆ ئێران، بە گشتی ئابڕووی ئێرانی لە ئاستی جیهانیدا خستووەتە مەترسییەوە و هەروەها ڕێکەوتنی نێوان ئێران و چین کە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناوەرۆکەکەی بە کەس نەدراوە و تەنانەت بە شێوەی شانۆییش لە پارلماندا نەخرایە بەر باس دەسکەوتەکانی ئێوەیە.”
ئەحمەدی نەژاد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پشتگیری خامنەیی بۆ دەوڵەتی ڕووحانی “کەم وێنە یان بێوێنە بووە” و هەروەها لەوەی کە دەوڵەتی ڕووحانی دۆستانی ئەمەگناسی ڕێژیم و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقایی بە کەم ئەژماردووە و گاڵتەی پێکردووە، ڕەخنە دەگرێت.
لە درێژەی ململانێی باڵەکانی ڕێژیم، ئەحمەدی نەژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێران کە لە کۆتایی دەورەی ٨ساڵەی سەرۆککۆماری حەسەن ڕووحانی ئەو نامەیەی بۆ ناوبراو نووسیوە، هەروەها دەڵێ: “جەنابت دەبێ لەگەڵ عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆ و بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت بە تاوانی ئامادەکردنی بەستێن بۆ ڕشتنی خوێنی خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان، داخدارکردنی بنەماڵەکان و بردنی ئابڕووی وڵات و بێڕێزی بە ڕای گشتی خەڵک، دادگایی بکرێن.”