لە درێژەی تووشبوونی خەڵكی ئێران بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران هاتووەتە دەنگ و دەڵێ: زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئێران پڕ بوونە و جێگای خاڵی بۆ تووشبووانی دیکە نییە.!
ئیرەج حەریرچی، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ـی گەلاوێژ ڕایگەیاند: لە حەوتووی ڕابردوودا نزیک بە ٤٥ هەزار نەخۆشی تووشبووی کۆرۆنا سەردانی ناوەندە دەرمانی و نەخۆشخانەکانیان کردووە و دەوروبەری ١٨٠ هەزار کەس لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون یان ڕاگیراون بۆ دەرمان و چارەسەر.
کێشەكە لێرەدایە، هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوی پەتای کۆرۆنا لە ئێران، بێجگە لەوەی ڕێژیم بۆ مەبەستی سیاسی کەڵکی لێوەرگرت، کەمتەرخەمیی بەرپرسان و پشتگوێ خستنی مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە بو بەهۆی ئەوەیکە ئێران ببێتە یەکێک لە ناوەندەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
لە لایەکی دیکەوە هاوکاری نەکردنی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بۆ دابینکردنی کەرەستە و دەرمانی پێویست، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ پەرەسەندنی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئێستاش دوای تێپەرینی ماوەیەکی زۆر بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەدا و دۆزینەوەی چارەسەر و واکسێنەکەی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تازە بەو ڕاددەیە گەیشتووە کە جێگای بۆ خەواندنی نەخۆشەکان نەماوە و کەمیی کەرەستە و دەرمان بۆی بووەتە گرفت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی جیهان خەریکن دەوری یەکەم و دووەمی واکسێنە کردنی خەڵک تەواو دەکەن و لە قۆناغەکانی دیکەی بەربەرەکانێ لەگەڵ پەتای کۆرۆنا دان.