٧ کەس لە ئەندامانی خێزانێکی کورد لە شاری قوونییە لە تورکیە کەوتنە بەر هێرشی چەکداریی چەند تورکێکی ڕەگەزپەرەست و گیانیان لەدەستدا.
لە درێژەی پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورکیە و پارتە تورکە ڕەگەزپەرەستەکانی وەکوو” مە هە پە ” بەدژی کوردەکانی ئەو وڵاتە و تووی دووبەرەکیینانەوە لە نێوان کورد و تورکدا و و هەروەها هەڵسوکەوتی نەرێنیی دادگاکانی ئەو وڵاتە لەهەمبەر مافی کوردەکانی تورکیە و کوردەکانی دانیشتووی ئەو ناوچانە، دیسان لەلایەن چەند کەسێکی ڕەگەزپەرەستی تورکەوە هێرش کرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ٧ کەس لە ئەندمانی بنەماڵەیەک کوژران. هێرشبەرەکان کە ناو و ناسناویان لە بەردەستدا نییە، بە دەنگی بەرز و بە شێوەیەکی ناڕازییانە لە کاتی هێرشەکەدا هاواریان کردبوو: “ئێمە لێرە کوردمان ناوێ، کوردمان ناوێ.”
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردییەن، پێشتر ئەو بنەماڵەیە هێرشیان کرابۆوە سەر و هێرشی لەو چەشنە بۆ یەکەمجار نەبووە. هەروەها دەگوترێ کە پۆلیس ٥ کەس لە هێرشبەرەکانی جاری پێشووی دەسبەسەر کردبووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت ئازادی کردوون.
پێویستە بگوترێ کە لە تورکیە بەهۆی بڵاوبوونەوە و گرینگی پێدانی لەڕادەبەدەری بیری ڕەگەزپەرەستی و دژایەتی کردنی کوردەکانی ئەو ناوچەیە و هەروەها زیاتر بەهۆی ئەوەیکە دەوڵەتی تورکیە دژایەتیی کوردەکان دەکا، کەسانێک لەو نێوەدا ئاژاوە ساز دەکەن و بە کوشتن و بێڕێزی کردن، مافی کورد لەو وڵاتە پێشێل دەکەن و دادگاکانی تورکییەش هەموو جارێ ماف بە شارومەندانی ڕەگەزپەرەستی تورک دەدەن.