لە بابەتێکی ڕۆژنامەی بلومبێرگ باس لەوە کراوە کە جۆ بایدێن و ڕاوێژکارەکانی سەلماندوویانە کە هیچ کارێک نەماوە کە ئێران نەیکردبێت بۆ ئەوەی دانوستانە ناوکییەکان بوەستن.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ڕووحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ڕەئیسی سەرۆککۆماری نوێ، ڕەخنە لە دانوستانە ناوکییەکان دەگرێت و دەڵێ سەرۆککۆماری نوێ دەبێ ئەزموون لە هەڵەکانی سەرۆککۆماری پێشوو وەربگرێت و باوەڕ بە ڕۆژاوا نەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وڵامدا جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە دانوستانەکانی گەڕاندنەوەی بەرجام نیازپاکی تێدا نییە، بەڵام جەختکردنەوەکەی ئەمجارەی ئەمریکا ترساندنێکیشی پێوە دیاربوو:، ئەوەی کە “دەرفەتەکان هەمیشەیی نین”
ئیلای لیک نووسەری بابەتەکە باس لەوە دەکات کە هۆکاری ئەم ئاڵوگۆڕە ڕەنگە ڕوانینی هەڵە بۆ سیاسەتەکانی ئێران بێت. دەوڵەتی بایدێن بەوە پەرۆشە کە ئیبراهیم ڕەئیسی قازی توندئاژۆ و بیرتەسک کە لە ساڵەکانی ١٩٨٨ حوکمی لە سێدارەدانی هەزاران کەسی مەدەنی دەرکرد لەم دانوستانانەدا، ڕێگایەکی توندوتیژتر بگرێتە پێش.
لە درێژەی ئەم بابەتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە باشترین هۆکار بۆ کۆتاییپێهێنان بە وتووێژە ناوکییەکان، لەرزۆکبوونی دەسەڵاتی خامنەییە لە ناوخۆی وڵاتدا و بە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خووزستان دەڵێ کە ڕێژیمی ئێران لە دابینکردنی سەرەکیترین مافەکانی ژیان بۆ خەڵکی خۆی داماوە و ئەم ناڕەزایەتییانە بەرە بەرە پەرەی ستاندووە بۆ باقیی شارەکانی وڵات وەکوو تاران و ئیسفەهان و تەبرێز و لە زۆربەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاو بوونەتەوە، داخوازی سەرەکیی خەڵک و درووشمەکانیان باس لە ڕووخانی دەسەڵات و نەمانی خامنەیی دەکات.