زیاتر لە ٨٠٠ خوێندکاری زانکۆ لە هەموو شارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کرێکارییەکانی ئێران دەکەن.
شۆرای سێنفیی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران، ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا کە واژۆی ٨٠٠ خوێندکاری زانکۆی لەسەرە ڕایانگەیاند کە دزەکردنی کەرتی تایبەت و هەرزانفرۆش کردنی سەرچاوە و هێزی کاری خەڵکی ئێران خەسارگەلێکی قورسی گەیاندووەتە جومگەکانی کۆمەڵگە و کرێکاران و ژیانی ئاسایی کرێکارانی لە ئێران ڕووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.
شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کرێکارییەکان لە ئێراندا لە ٢٩ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە بە مانگرتنی هەزاران کرێکاری پیشەی نەوت و گاز و پێترۆشیمی دەستیپێکردوە و کرێکارانی ناڕازیی داوای ماف و ویستەکانیان دەکەن.
خوێندکارانی زانکۆ لە بەیاننامەکەیاندا داوای پێشگرتن لە کەرتی تایبەت و بە پەیمانیکردنی پیشە کرێکارییەکان دەکەن و دەڵێن: دەبێ بەرپرسانی وڵات بە ویژدانەوە بڕیار لە سەر کرێکارکان بدەن و مافەکانیان بێ ئەملاوئەولا پێبدەن و ئەو کرێکارانەی کە لەلایەن خاوەنکار و پەیمانکارەکانەوە دەرکراون، بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و مافەکانیان دەستەبەر بکرێ.