لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە بۆکان شەشەمین هاووڵاتیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ڕەحیم خانی ئەو شارەیان بە ناوی “چیا ئاقابەیگ پوور” دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چیا ئاقابەیگ پوور بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و بە بێ پیشاندانی بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کراون.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکەی بە ناوەکانی ئەنوەر مەلەکی، کەماڵ عەباسی وەند، کەژاڵ ئەمینی، شەمزین محەمەدی و عەزیمە ناسری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە.