ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ لە چەندین شوێنی شاری تاران پێتەختی ئێران، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان دژی حکومەت بەڕێوە چوون.
به‌پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی ٨ی گه‌لاوێژ كۆمه‌ڵێک له دایكانی داخدار كه ڕۆڵه‌كانیان له خۆپێشاندانه‌كانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ له‌لایه‌ن هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیمی ئێرانەوە كوژرابوون، له مه‌یدانی ئازادیی شاری تاران بۆ پاڵپشتی له خۆپیشانده‌رانی خووزستان بە بەدەستەوەگرتنی وێنه‌ی ڕۆڵه كوژراوه‌كانیان كۆ بوونه‌وه و داوایان له خه‌ڵک كرد له به‌رامبه‌ر هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیم یه‌كگرتوو بن.
دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتییە، هێزه‌کانی ڕێژیم ئه‌و دایكانه‌یان له مێتڕۆی سادقییه له گه‌مارۆ خست و دوای لێدان و بێ حورمه‌تی، ده‌سبه‌سه‌ریان کردن و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانه‌وه و درەنگانی شەو ئازادیان کردن.
هەروەها شەوی ڕابردوو ٨ی گەلاوێژ، لاوانی تارانیی سەرکەوتنی یانەی وەرزشیی پێرێسپۆلیسیان کردە بیانووی هاتنە سەر شەقام و لە ناوچەکانی “تێهران پارس” و “سادقییە” بەدژی کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ئێران درووشمیان دا.
جێی ئاماژەیە کە شەوی ڕابردوو، خەڵکی ناڕازیی لە شارەکی بەهارستانی تاران و هەروەها شاری شووشتەر لە پارێزگای خووزستانیش خۆپیشاندانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە برد و ئاڕاستەی زۆربەی درووشمەکان ڕوو لە خامنەیی بوون.