خاتوو “سەیزادە خەدیجە مەعرووفی” هاوسەری شەهید “سەید ئەبووبەکر مەعرووفی” لە ناوچەی شاماتی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ۷ی گەلاوێژی ۱٤۰۰ی هەتاوی، سەیزادە خەدیجە مەعرووفی، هاوسەری شەهید سەید ئەبووبەکر مەعرووفی، لە تەمەنی ٧٦ساڵیدا لە گوندی “گەنج ئاوا”ی ناوچەی شاماتی مەهاباد دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
بەرهەمی ژیانی هاوبەشی سەیزادە خەدیجە و شەهید سەید ئەبووبەکر مەعرووفی ٥ کوڕ و کچێکە، کە سەیزادە خەدیجە دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی ئەرکی گەورەکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانی بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە وەئەستۆ گرتووە.
شایانی باسە کە شەهید سەید ئەبووبەکر مەعرووفی دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران وەک یەکەم بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شامات دیاری کراو و ناوبراو لەو دەگمەن کەسانە بوو کە هەموو ئیمکاناتی شەخسیی خۆی بۆ بەرەو پێشچوونی کاروباری حیزبی تەرخان کردبوو و ئەو تایبەتمەندییەش خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەدەری لە ناوچەی شامات بۆ شەهید سەید ئەبووبەکر هێنابووە ئاراوە.
شەهید سەید ئەبووبەکر لە کۆتایی بەهاری ١٣٦١ لەسەر داوای خۆی لە لکی ٢ی هێزی شەهید پێشەوا سازمان درا و ئەرکی سەرپەلی وەئەستۆ گرت و شەوی ۳۰ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦۱ لە جەریانی عەمەلیاتی گرتنی مۆڵگەی تازەدامەزراوی خەتایی هەڵکەوتوو لە ناوچەی چۆمی مجیدخان، لەگەڵ شەش لە هاوسەنگەرانی کە بریتین لە شەهیدان، سمایل دامەنگیر جێگری فەرماندەری لکی ٢ی هێزی شەهید پێشەوا ، ڕەحمان تایی، ئەبووبەکر ڕەحمانی، حوسێن ساڵح باریکە، تاهیر قارەمانی و محەممەد ڕووحی زادە، گیانیان فیدای ئامانجەکانی حیزب و ڕزگاری کوردستان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو “سەیزادە خەدیجە مەعرووفی”، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی ناوچەی شاماتی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.