دایە “زێڕین محەممەد پوور”، ئەندام و خەباتگێری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “زێڕین مەحەممەد پوور ” (مەڕەسەنە) ناسراو بە “پوورێ زێڕین” کچی “مام رۆستەم مەڕەسەنە” زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەباتگێری سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و خێزانی کەسایەتی ناسیاوی ناوچەی پژدەری باشووری کوردستان “خدری حەسەنی خانمێ”، بەهۆی نەخۆشییەکی دڕێژخایەن لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆسڵۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پوورێ زێڕین کە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و کوردپەروەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، لە تەمەنێکی کەمەوە، بەھۆی گیرانی باوک و براکانی لەلایەن ڕژیمی شاوە، ئەرکی سەرپەرەستیی بنەماڵەکەی کەوتە ئەستۆ، ئەرکێک کە بە درێژایی تەمەنی بە بەرپرسیارەتییەوە بەجێی گەیاند.
ناوبراو دوای ئازادبوونی باوک و براکەی لە زیندان، ڕوو لە باشووری کوردستان دەکا و لەو بەشەی کوردستان، ھەم وەک ئەندامی حیزب و ھەمیش وەک بەڕێوەبەری بنەماڵە، ئەرکی ڕۆژانەی خۆی بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە بەجێ گەیاندووە.
دایە زێڕین مەرەسەنە، وێڕای بنەماڵەکەی ساڵی ١٩٩٣ی زایینی و دوای دەستپێکردنی شەپۆلی تێرۆری چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژھەڵات لە باشووری کوردستان، ڕووی لە وڵاتی نۆڕوێژ کرد و تا کاتی کۆچی دواییشی، هەردەم وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە زێڕین محەممەد پوور، سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوڕێیانی و هەروەها سەرجەم بنەماڵە شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرەکانی “مەنگوڕی و محەممەد پوور (مەڕەسەنە)” دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.