وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە کە سەر بە تورکیەیە، بەهۆی کوشتنی ژنەسیاسەتوانێکی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان خستە لیستی سزاکانەوە.
هەواڵدەرییی فەرانسە ڕایگەیاند وەزارەتی خەزێنەدارییی ئەمریکا، گرووپی میلیشیایی “ئەحرار ئەلشەرقیە”ی سەر بە تورکیەی خستە لیستی سزاکانییەوە و هۆکاری ئەوەش ئەنجامدانی تاوانی دژەمرۆڤایەتی لەلایەن ئەو گرووپەیە.
ئەو گرووپە میلیشیایە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی خاتوو “هۆرین خەلەف” سیاسەتوانی کوردی ڕۆژاوای کوردستانی لە ئوپەراسیۆنێکی تورکیە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک تێرۆر کردبوو.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ سزادانی گرووپەکە دوو کەسیشی سزا داوە کە ئەرکی دابینکردنی یارمەتیی دارایی بۆ گرووپە نەیارەکانی سووریە لە تورکیەوە ڕادەپەڕێنن.
بەپیی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گرووپی ئەحرار ئەلشەرقیە لە ٢٠١٨وە سەدان کەسی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە و ئەندامانی پێشووی داعشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.