سیناتۆرە کۆماریخوازەکان لە مەجلیسی سێنای ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە جۆبایدین کردووە کە بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران بە تایبەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی کە دەور و نەخشی سەرەکییان لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بووە، ئیزنی سەفەر بۆ ئەمریکا و بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لێ قەدەغە بکا.
لە بەشێک لە نامەی سیناتۆرە کۆماریخوازەکاندا کە رۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ “جۆبایدێن”یان نووسیوە هاتووە کە ئیزندان بە ڕەئیسی و هاتنی بۆ نیۆیۆرک، مەشرووعییەت پێدانە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ئێران و نیشانەی بێ دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەمریکایە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لەگەڵ ڕەئیسی دێنە نێو خاکی ئەمریکاوە بۆ پاراستنی ناوبرا ئەم کارە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە و باشتر وایە کە جۆبایدێن ئیزن نەدا کە بکوژ و خوێنمژێک وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی بە سەفەر بێتە نێو خاکی ئەمریکاوە.
لەدرێژەی نامەکەدا بە ئاماژە بە دەور و نەخشی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەیئەتی مەرگدا و سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری ئێران و پێوەندییەکانی ناوبراو لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران نووسیویانە،هەموو ئەم بەڵگانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە نابێ ئەمریکا ڤیزای وڵاتەکەی خۆی بدا بە تێرۆریستێک.