نێد پرایس دەڵێ: ئەمریکا سەرکوت و دەسبەسەر کردن وکوشتنی خەڵکی خۆپیشاندەری ناڕازیی لە شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمەوە بە توندیی مەحکووم دەکا.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە و سیاسەتی وشکردنی تاڵاوەکانی ئەو پارێزگایە و پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان بۆ زۆربەی پارێزگا و شارەکانی ئێران ڕایگەیاند کە خەڵکی ئێران داوای مافی سەرەتایی خۆیان کە هەبوونی ئاو و کارەبایە دەکەن،ئەمە مافی هەموو هاووڵاتییانە لە وڵاتەکانی جیهاندا، بەڵام ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە سەرکوت وئەشکەنجە و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێران دەیهەوێت ڕەوایی بە دەسەڵاتەکەی خۆی بدا، ئەمریکا کوشتنی خۆپیشاندەران و سەرکوت دەسبەسەرکردنیان بە توندیی مەحکووم دەکا.
هەرلەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کوشتن و تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازیی ئێرانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو رێژیمەوە بە توندیی مەحکووم کرد.