بەرپرسانی ئەمریکایی لە ماوەی ئەو یەک حەوتوویەی کە ماوە ئیبراهیم ڕەئیسی بێتەسەر کار جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرپرسانی نوێی حکوومەتی ئێران پێیان وانەبێ کە بەڕاوەستانی وتووێژەکان دەتوانن بگەن بەڕێککەوتنێکی ئاسان و دڵخوازی خۆیان.
بەرپرسێکی ئەمریکایی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ماڵپەڕی “ئاکسیوس”ی وتووە کە درگای وتووێژەکان بە ردەوام بە ڕووی ئێراندا کراوە نابێ و بەرپرسانی ئێرانی دەبێ زۆر بە خێرایی بگەڕێنەوە بۆ وتووێژەکان و هیوادارین دەوڵەتی نوێی ئێران پێوانەبێ کە ئەگەر وتووێژەکان بە درەنگ بخەن ئەوە لە لایەن ئەمریکاوە زیاتریان دەستدەکەوێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێران دەبێ هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی جێبەجێ بکا و بگەرێتەوە بۆ بەڵێنەکانی و لەم وتووێژانەدا سیاسەتەکانی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایە و دەبێ بەرپرسانی ئێران خۆیان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز ڕێکبخەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران بیهەوێت بەردەوام بێ لە درێژ کردنەوەی وتووێژەکان لە چەند مانگی داهاتوودا ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێککەوتنی بەرجام بەکەڵکی دووبارە کردنەوە نەیە و وڵاتی ئەمریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە سەر ئێران بدا.