مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پێشگرتن لە پەیوەستبوونی خەڵکی کوردستان بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خووزستان و سەرانسەریی ئێران، هەوڵی چەواشەکارانە دەدەن.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی پیلانێکی ئامانجداری وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران، مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لەهەمبەر پێشگرتن لە پشتیوانیکردنی خەڵکی کوردستان لە جەماوەری ڕاپەڕیو لە خووزستان و باقیی ناوچەکانی ئێران، خراونەتە گەڕ.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، مۆرەکانی ڕێژیم ڕاسپێدراوان کە لەنێو خەڵک ئەو بانگەشەیە بڵاو بکەنەوە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خووزستان و باقیی ناوچەکانی ئێران وەک تاران و تەورێز، پێوەندیی بە خەڵکی کوردستانەوە نییە و نابێ نەتەوەی کورد پەیوەستی خۆپیشاندانەکان بن.
شایانی باسە کە ئەو پیلانە چەواشەکارانەی بەکرێگیراونی ڕێژیم بە ئاشکرایی لە شارەکانی سنە، مەهاباد، جوانڕۆ، شنۆ و بۆکان تەبلیغ دەکرێ و کۆی ئەو چەشنە پڕۆپاگەندانە، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو شارانە سەرپەرەستی دەکرێن.
هەروەها بە وتەی ئەندامانی بنەماڵەی چەندین چالاکی کورد لە هێندێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵسوڕاوانی سیاسی، مەدەنی و تەنانەت ژینگەپارێزیی، لەلایەن دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر هاندەری خۆپیشاندان لە شارەکانی کوردستان بن، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.