مەجلیسی ڕێژیم بە مەبەستی بەرتەسککردنی زیاتری مافی دەسپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، گەڵاڵەیەکی نوێی دژ بە خەڵکی ئێران پەسەند کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، ١٢١نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس، گەڵاڵەیەکیان بەدژی خەڵک و لەپێناوی ڕەزامەندیی عەلی خامنەیی بۆ فیلتێرینگ و سنوودارکردنی بواری ئینتێرنێت پەسەند کرد و بە جێبەجیکردنی ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن ڕێژیمەوە، بواری ئینتێرنێتی لە ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوشێوەی کۆرەی باکووری کۆنتڕۆڵ و بەرتەسک دەبێتەوە.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی مەجلیسی ڕێژیم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام، تێلێگرام و واتساپ لە ئێراندا دادەخرێن و جێگرەوەی نێوخۆیی لەجیاتیان وەگەڕ دەخرێن.
شایانی باسە کە عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ئێران، پێشتر داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردبوو کە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی فەزای مەجازی، دەبێ بە پەلە کار بۆ وەگەڕخستنی ئینتێرنێتی میللی بکرێ.
ڕوون و ئاشکرایە کە دابڕانی خەڵکی ئێران لە ئینتێرنێتی جیهانی پیلانێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵکی ئێران، دوور لە چاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە.