پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئەمریکا لەهەمبەر چوونەدەرەوەی هێزەکانی لە خاکی عێراق ، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی” میدێل ئیست ئای” لە چوارچێوەی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و چاوپێکەتنی لەگەڵ جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، جۆ بایدێن ڕایگەیاندووە کە تا کۆتاییەکانی ئەمساڵ هێزەکانیان لە خاکی عێراق دەکشێننەوە.
بەپێی لێکدانەوەی چاوەدێرانی سیاسی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایکەوە دەیهەوێت هێز و دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە نایهەوێت هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی خاكی عێراق بە جێبهێڵن.
هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، پێشوازییان لە بڕیارەکەی بایدێن کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سەروەریی بۆ ئەو وڵاتە دەگەرێتەوە.