عەزیمە ناسری هاووڵاتی خەڵکی بۆکان کە لە کاتی شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکردنەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، عەزیمە ناسری، ژنەچالاکی خەڵکی بۆکانیان دەسبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ گرتنگەی شاری ورمێ.
هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، کاتژمێر٦ی بەرەبەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەزیمە ناسری و بەبێ هیچ بەڵگەنامە و مۆڵەتێکی قەزایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە پاش دەسبەسەرکردنی عەزیمە ناسری، گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەی شاری ورمێ و تا ئیستاش هۆکاری دەسبەسەرکرانەکەی ئاشکرا نەکراوە.
عەزیمە ناسری ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد دەسبەسەر کرابوو و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی پەنجا میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و تا ئیستا دانیشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوە نەچووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوولاتییەک بە ناوی” شەمزین محەممەدی” خەڵکی گوندی ئاڵیکەندی بۆکان و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەری دەکەن.