ئاگۆست هێنینگ، سەرەڕای ئاماژە بە هەڵەبوونی گەڕانەوەی وڵاتە زلهێزەکان بۆ رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران وتی: ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیی لە بەرنامەی ناوکییدا زۆر مەترسیدار و جێگەی نیگەرانییە.
بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی وئاسایشی ئاڵمان، ئاگۆست هێنینگ، ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی” جێرۆزالم پۆست” سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئێرانی ناوکیی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە پێشبڕکێی چەکوچۆڵ کە ئەم کارە هەواڵێکی خراپە بۆ هەموو جیهان.
ناوبراو بە ئاماژە بە دژایەتیی کردنی لە هەمبەر گەڕانەوەی ولاتانی زلهێز بۆ رێککەوتنی بەرجام وتی: ڕێژیمی ئێران نایهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە وپێبەند بێ بە بەڵێنەکانی تەنیا دەیهەوێت بەم شێوەیە کاتی زیاتر بەدەست بێنێ بۆ گەیشتنی بە چەکی ناوکیی.
ئاگۆست لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەور و نەخشێکی تێکدەرانەی هەیە و لە ئیستادا بە پەرەپێدان بە بەرنامەیی مووشەکیی خوی هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و دەبێ پێشی پێبگیردرێ.