خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای خووزستان بەردەوامە و خەڵکی شارەکانی تاران، کەرج، ئیسفەهان، گوڵستان، کورد کووی،کرماشان و ئەیوان لە پارێزگای ئیلام بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان ڕژانەسەر شەقامەکان و وێنەی خامنەییان ئاگرتێبەردا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوەتەوە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان شەوی سێشەممە٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ سێزدەهەمین ڕۆژی بەردەوام وناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە و سیاسەتی وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکانی خووزستان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و خەڵکی شارەکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان، گوڵستان، کوردکووی،کرماشان و ئەیوان بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرەڕای دروشم بە دژی بەرپرسانی گەندەڵ و دروشمی مەرگ ونەمان بۆ خامنەیی، وێنەی خامنەییان لە شاری ئیسفەهان ئاگرتێبەردا.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای میلیتاریزە کردن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی پارێزگای کرماشان و ئیلام خەڵکی بوێری ئەو پارێزگایانە ڕژانەوە سەر شەقامەکان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بە تەقەکردن ڕووبەڕووی خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی بوونەتەوە.
پێویستە بگوترێ کە ڕێژیمی ئێران لە ترسی هەستانەوە و بەرپابوونی شۆڕشێک لەلایەن خەڵکەوە بە تەواوەتیی شارکانی ئێرانی میلیتاریزە کردووە و هێڵی ئینتێرنێتی ئەو شارانەی کە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی تێدا بەڕێوە دەچێ بە گشتیی داخستووە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا لە پارێزگای خووزستان و لوڕستان بە دەیان کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون و بە سەدان کەسیش لە شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.