ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامەی “واڵ ئیستریت ژۆرناڵ” له ڕاپۆڕتێكدا به ده‌وڵه‌تی بایدێن پێشنیار ده‌كەن کە له وتووێژەکانی تایبەت بە به‌رجام بێته‌ده‌رێ و وه‌ک ترامپ له نائارامییه‌كانی ئه‌م دواییانە لە ئێران كه‌ڵک وه‌ربگرێ و گوشار بخاته سه‌ر ڕێژیمی ئێران.
واڵ ئێستریت ژۆرناڵ ده‌نووسێ: بایدێن بە هەڵە تامەزرۆی ڕێککەوتنی به‌رجام له‌گه‌ڵ ئێرانە، له حاڵێكدا تاران به‌هۆی سنوورداركردنی پشكێنه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاژانسی وزە و چالاکكردنی سانتریفیوژی پێشكه‌وتوو و پاشه‌كه‌وتكردنی ئۆرانیومی پیتێندراو، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر خۆی له به‌ده‌ستهێنانی بۆمبی ناوكیی نزیک ده‌كاته‌وه.
دەستەی نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویانە کە: کۆتاییهێنان بە وتووێژه‌كانی به‌رجام به واتای گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌مپەینی گه‌مارۆكانی ترامپه بۆ سه‌ر ئێرانە و له بارودۆخی ئێستادا كه باشووری ئێران به‌هۆی ناڕه‌زایەتی و خۆپیشاندان ئالۆزه و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئالۆزییه ته‌شه‌نه‌ی کردووە و شارەكانی دیكه‌ی ئێرانیشی گرتۆته‌وه، ده‌وڵه‌تی بایدێن ده‌بێ زه‌خت بخاته سه‌ر ڕێژیمی ئێران نەک ئه‌وه‌ی كه ڕێكاری دەربازبوون لەو کێشانەی بۆ بڕەخسێنێت.
ڕۆژنامه‌ی واڵ ئێستریت ژۆرناڵ به وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌نووسێ: ڕێژیمی ئێران له ڕەوتی وتوویژەکانی ڤییەن لە هەوڵی چەسپاندنی ئەوە دایە کە ئەگەر لە داهاتوودا ئه‌مریكا بیهەوێ جارێکی دیکە له ڕێککەوتنی به‌رجام بچێتەدەر، دەبێ ڕەزامەندیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر بکا؛ کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی ئه‌مریكایە و ئەو بابەتە دەبێتە ئاستەنگی سەرەکی بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیران.