بەپێی وتەی شایەتحاڵان لە پارێزگای خووزستان، لە ڕێگای سنووری شەلەمچەوە هەزار و ٢٥٠ کەس لە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە فەرماندەیی “حوسێن فەلاح عەزیز” بۆ سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری پارێزگای خووزستان ڕەوانەی شاری ئەهواز کراون و لە بنکەی فەرماندەی سپای وەلیعەسر لەو شارە جێگیر کراون.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بە سەرپەرەستی ئیسمائیل قائانی فەرمەندەی سپای قودس و بە بەشداری “حوسێن فەڵاح”، یەکیک لە فەرماندەکانی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە بنکەی فەرماندەیی سپای پاسداران لە خووزستان بەڕێوەچوو و لە پێوەندیی لەگەڵ چۆنیەتیی سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی خووزستان لەسەر چەند بڕیارێک ساغ بوونەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی بەرفراوانتر بوونی ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازیی لە شارەکانی ئێران، بە تایبەتی لە پارێزگای خووزستان و بە مەبەستی سەرکوتی خەڵک، زیاتر لە هەزار و ٢٥٠ کەس لە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە خۆی وەک داردەست، هێناوەتە شاری ئەهواز و لە بنکەی فەرماندەیی سپای وەلیعەسر لە ئەهواز جێگیری کردوون.