دادگای تاوانەکانی هەو لێر لە پێوەندیی لەگەڵ پەروەندەی تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دانیشتنێکی بەرێوەبرد و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بڕیارە حەوتووی داهاتوو دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەریان دەربکا.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی هەولێر، تۆمەتبارانی تێرۆرکردنی شەهید “قادر قادری”، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی حزبی دێموکراتی کوردستان دادگایی کران.
پارێزەرانی کەسوکاری تاوانلێکراو، بە ئاماژە بە دانپێدانانی تۆمەتباران ڕایانگەیاند کە تۆمەتباران دانیان بەوە داناوە کە دەستێکی دەرەکی، بەڵێنی پارەی پێداون بۆ تێرۆرکردنی شەهید قادر قادری کە بڕەکەی یەک میلیارد تمەن بووە و دواتر پارەکەشیان بۆ زیاد کراوە.
ئەیاد کاکەیی، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی پەروەندەی “قادر قادری” لەم پێوەندییەدا بە میدیاکانی وتووە “بڕیاردراوە کە دووشەممەی حەوتووی داهاتوو، دادگا کۆ ببێتەوە و بڕیار لەسەر پەروەندەکە و سزادانی تۆمەتباران بدا.”
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە داوایان کردووە دادگا بە فەرمی لایەنی سەرەکیی تۆمەتباری پەروەندەکە ئاشکرا بکا و بکوژانیش بە شێوەیەک سزا بدات کە لە ئاستی گەورەیی تاوانەکەدا بێت.
دەستەی پارێزەرانی ئەو پەروەندەیە هەروەها ڕایانگەیاند کە بە گشتی سێ کەس دانیان بەوە داناوە کە لە بەرانبەر بەڵێنی وەرگرتنی یەک میلیارد تمەن ئەو کارەیان کردووە و دوو کەسی دیکەش کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە تێرۆرکردنی ئەو فەرماندەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕەتیان کردووەتەوە کە ئەوان ئاگاداری کوشتنەکە بووبن و سێ کەسەکەی دیکە ئاگاداریان نەکردوونەتەوە، کە پلانی کوشتنی قادر قادرییان هەیە.
جێگای ئاماژەیە کە رۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، تەرمی شەهید” قادر قادری” لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە و هەر ئەوکات حزبی دێموکراتی کوردستان سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە تیرۆرکردنی ئەو فەرماندەیە تۆمەتبار کرد.
پێویستە بگوترێ سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ئێران لە ماوەی نزیک بە سێ دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ پێشمەرگە و کادری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تیرۆر کردووە.