لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کۆڵبەرێک کوژراوە و چەندین کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “فەرەیدوون ساڵحی” خەڵکی بۆکان کوژراوە و ١٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون کە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددینی ئەیووبی شاری بانە گوازراونەتەوە.
شایانی باسە کە دوابەدوای ئەو جینایەتەی ڕێژیم، هاووڵاتیانى شارى بانە، دژى تەقەکردن لەو پۆلە کۆڵبەرە لەلایەن هێزەکانى هەنگى مەرزى لە سنوورە هەنگەژاڵەى بانە ناڕەزایەتییان نیشان دا و ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتووانى شارى بانە، بەرامبەر فەرماندارى شارەکە کۆ بوونەوە و ئەو ڕەفتارە دڕندانەیەى چەکدارەکانى ڕێژیمیان مەحکووم کرد.
ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە، بووە بەهۆى کاردانەوەی ڕێژیم و لە ئەنجامدا وەک هەمیشە چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى دەستیان بە توندوتیژى و تەقەکردن کرد.
پاشان خەڵکی ناڕازی لە بەردەم نەخۆشخانەکەى شارەکە کۆ بوونەوە و بێزاریی خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتى نابەرپرسیاری کۆماری ئیسلامی نیشان دا.