خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای خووزستان بەردەوامە و خەڵکی شارەکانی تاران، کەرج، کرماشان و ئیلام بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوەتەوە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان شەوی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ دوازدەهەمین ڕۆژی بەردەوام وناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە و سیاسەتی ویشککردنی سەرچاوە ئاوییەکانی خووزستان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خەڵکی شارەکانی تاران، کەرەج، کرماشان و ئیلام بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان پەیوەستبوون بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانەوە.
هاووڵاتییانی تاران، کەرەج، کرماشان و ئیلام ڕۆژی دووشەممە بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمگەلێکی وەکوو مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و بڕووخی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خووزستان بە تەنیا نییە ئێمە هەموومان پشتیوانی خووزستانین، پشتیوانی خویانیان بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە و بێزاری خۆیانیان لە خامنەیی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای میلیتاریزە کردنی کرماشان و ئیلام، خەڵکی بوێری ئەو پارێزگایانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بە تەقەکردن ڕووبەڕووی خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازی بوونەتەوە.
پێویستە بگوترێ کە ڕێژیمی ئێران لە ترسی هەستانەوە و بەرپابوونی شۆڕشێک لەلایەن خەڵکەوە بە تەواوەتیی شارکانی ئێرانی میلیتاریزە کردووە و هێڵی ئینتێرنێتی ئەو شارانەی کە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی تێدا بەڕێوە دەچێ بە گشتی داخستووە.